ناوهڕۆك
بنیامین فڕانکلین ١٧٠٦ - ١٧٩٠ ز
فڕانکلین بلیمەتێکی دەگمەنی سەردەمی خۆی بووە، بە پێچەوانەی زۆرینەی ئەو بلیمەت و زانایانەی کە دەیانناسین. تەنیا لە بواری زانستیی شارەزا نەبووە، بەڵکە لە چەندان بواری دیکە بە قووڵیی ڕووچووە. ئەوەی ئەو لە میانەی پێنج ساڵ لە بواری زانستیی پێشکەشی مرۆڤایەتیی کرد، زانایانی دیکە نەیانتوانی بە هەموو تەمەنی خۆیان ئەمە بکەن. ئەو پێنج ساڵ: (١٧٤٧-١٧٥٢ز) خەریکی داهێنانی زانستیی بوو، دواتر بە بوارگەلی: ڕۆژنامەنووسی، ڕەخنەگری، داهێنان، باڵوێزی، سیاسەت، خەریک بووە. یەکێک بوو لەو پێنج کەسانەی لە بەریتانیا لە ساڵی ١٧٧٦ز، واژووی بۆ سەربەخۆیی ئەمریکا کردووە. لە ئامادەکردنی دەستووری ئەمریکا، وەک کەسێکی کارا، کاری کردووە.
توێژینەوەی دەربارەی کارەبا
فرانکلین زانایەکی فیزیایی زۆر مەزن بووە، لە دیاریکردنی تایبەتمەندی و خەسڵەتەکانی کارەبا، پێشەنگی زانایان بووە. لە تەمەنی چل ساڵیدا وەک عاشقێکی سەرسەختی بواری کارەبا نێوی دەرکرد، چەندان تاقیکردنەوەی لەسەر ئەمە کرد. ئەو هەر زوو درکی بەوە کردووە کارەبا پێویستی بە توێژینەوەیەکی چڕی زانستیی هەیە، هەر بۆیە بایەخی بە کاری چاپکردن سست دەبێت، پێنج ساڵی تەواو خەریکی توێژینەوەی کارەبا دەبێت.
فڕۆکەی غازی
فرانکلین پێی وابوو کارەبا یەک جەمسەری هەیە، دیارە ئەمەیش هەڵەبوو. ئەو دەیگوت: کارەبا لە چەند بەشێکی بچووک پێک دێت، (ئەمڕۆ پێی دەگوترێت ئەلکترۆن). فرانکلین چەندان توێژینەوەی دەربارەی بارگەی کارەبایی (الشحن الکهربائي) ئەنجام داوە. دواتر سارد (سالب) و گەرمی (موجەب)ـی دەکار هێناوە.
فرانکلین پێی وابوو هەورە تریشقە جۆرێکە لە کارەبا، بنیامین فرانکلین لە ڕێی کۆلارە کاغەزییەکەیەوە لەم دیاردەیەی کۆڵییەوە. کۆلارەیەکی کاغەزی بە تەلێکی کانزاییەوە بەست لە کاتی باهۆز بەرەو ئاسمانی هەڵدا، کۆلارە چووە نێو هەورەکان. لە ڕێی تەلەکەوە، کارەبا لە هەورەکانەوە گوازرایەوە، کە تەلەکە بەر زەوی کەوت پڕشکێکی گەورەی هەڵدا. لێرەوە درکی بە جێگەوتە خراپەکانی هەورە تریشقە کرد لەسەر بیناکان، هەر بۆیە ئامێرێکی دژە برووسکی داهێنا، کە لەسەر بیناکان دادەنرێت.
ئەو کاتانەی بۆ داهێنانە زانستییەکای تەرخان کردبوو، لە ساڵی ١٧٥٣ز، بەرەبەرە لە کورتی دەدا، هەڵبەت ئەمەیش دوای ئەوەی چەند پۆستێکی سیاسیی وەرگرت، بەڵام وێڕای ئەمەیش ئەو لە دوای خۆی چەندان داهێنراوی گرنگی بۆ ئێمە جێ هێشت، لەوانە: فڕنی ئاسنین، کە بە فڕنی فرانکلین ناوی دەرکردووە، تاکوو ئێستەیش بەکار دێت. چاویلکەی دوو چاوەی داهێنا، گڵۆپی سەر شەقامی دروست کرد. کورسی لەرەوە (الهزاز) چێ کرد، ئامرازی هارمۆنیکا مۆزیکیی بەدی هێنا، ئامێری ڕووپێوی داهێنا، ئامرازێکی بۆ دزەنەکردنی ئاو بۆ نێو کەشتییەکان دروست کرد.
جێگەی خۆیەتی بڵێین: بنیامین فرانکلین خاوەن بەهرەیەکی زۆر بووە، داهێنەرێکی سەرکەوتوو و سیاسەتمەدارێکی کارا و، ڕۆژنامەنووسێکی بە توانا و، ڕەخنەگرێکی ورد و، وێنەکێشێکی لێهاتوو بووە.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: فرانکلین هیچ لەو داهێنانانەی بە نێوی خۆی تۆمار نەکردوون. باوەڕی وابووە نەوەی ئایندە باشتر دەتوانن پێشیان بخەن و پەرەیان پێ بدەن. لەوبارەوە دەڵێت:''هەروەک مە لە داهێنانی خەڵکی کەڵک وەردەگرین، پێویستە هەل بۆ کەسانی دیکەیش بڕەخسێنین تاکوو خزمەت و داهێنراوەکانی ئێمە بکەن.''
کورتەیەک لە ژیانی فرانکلین
- لە خێزانێکی سەر بە ئینگلیز لە دایک بووە، کە دواتر بۆ ئەمریکا کۆچیان کردووە.
- بنیامین بە هۆی دژواریی باروگوزەرانی ژیان، واز لە قوتابخانە دەهێنێت.
- هەر لە منداڵی شەیدای کتێب دەبێت، لەگەڵ برایەکەی (جەیمس) لە بواری چاپەمەنیی کار دەکات.
- شەیدای توێژینەوەی بواری کارەبایی بووە.